سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیە دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیە دەكات
چوارشەممە 16/3/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازیكرد لە د. ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیە و شاندێكی یاوەری.

لە دیدارێكدا ، رەوشی ئەمرۆی عیراق گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە خرانە بەر باس . لە ئاستی عیراقدا پەلەكردن لە تەواوكردنی پێكهاتەی وەزاری و هەروا تاوتوێكردنی پرسی ئەنجومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكان و رۆڵی ئەو ئەنجومەنە لە پشتگیریكردن و پێشخستنی ئەدای حكومەت و كاراكردنی ئەو رێككەوتنانەی كە لایەنە عیراقیەكان ئەنجامیان داوە و پتەوكردنی شەراكەتی نیشتمانی تەئكیدیان لێكرایەوە.

د.عەلاوی ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد و هیوای خواست بەردەوام بێت لە هەوڵەكانی بۆ یەكخستنی دیدەكان لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەی بەرێزیان كە پێكهێنانی حكومەتی بە دوا دا هاتوو و پرۆسەی سیاسی عیراقیشی بەرەو پێش برد.

لەسەر ئاستی ناوچەكەش هەر دوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد سەبارەت بە دوا گوڕانكارییەكان و سەرۆكی لیستی ئەلعیراقیەش ئەنجامی سەردانەكەی بۆ دەرەوەی عیراق خستەڕوو.
Top