لە یادی ھاتنەدنیای سەرۆک مسعود بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان، په‌يامێكي بڵاوكرده‌وه‌.

لە یادی ھاتنەدنیای سەرۆک مسعود بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان، په‌يامێكي بڵاوكرده‌وه‌.

 

پـــەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان لە یادی ھاتنەدنیای سەرۆک کاک مسعود بارزانی و دامەزراندنی پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦دا

پیرۆز بن هەردوو یادی ٧٦ ساڵەی ھاتنە دنیای ڕێزدار سەرۆک کاک مسعود بارزانی و دامه‌زراندنی پارتیمان، پارتی دیمکراتی کوردستان، کە دوو ڕووداوی گرینگ و پرشنگدارن و بۆ ھەمیشە لە مێژووی کورد و کوردستان و لە ئاسمانی کوردایەتی بە درەوشاوەیی دەمێننەوە و بە شادی و سەربەرزی یاد دەکرێنەوە.

ئەو دوو ڕووداوە گرینگ و پڕ واتانە لە گشت گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتی و بنکردایەتیی پارتیمان پیرۆز دەکەین.

لە (٧٦) حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و، یادی دەستپێکی ژیانی پێشمەرگەی بەئەمەکی کوردستان کاک مسعود بارزانی سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرکردەی نەمر بارزانی مستەفا و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و گشت شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراوی کورد و کوردستان دەنێرین و، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی یەکە یەکەیان دادەنوێنین.

پارتی دیموکراتی کوردستان بەرھەمی بیرپاکی و نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی و دووربینیی بارزانیی نەمر بوو، کە پێش (٧٦) حەفتا و شەش ساڵ لە ڕۆژیکی وەکو ئەمڕۆدا، بۆ باوەڕبەخۆبوونی ھەموو کوردستانییەک و بەدەستھێنانی تەواوی مافی ڕەوای گەلی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزراند، وەکو زەرورەتێکی ئەو سەردەمە بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی گەلەکەمان لە کوردستانی باشوور تا گەلەکەمان بتوانێت مافە ڕەواکانی بەدەست بێنێت و بگاتە ڕیزی گەلانی سەربەخۆی جیھان و بە سەربەرزی ئیدارەی خۆی بکات.

بۆیە ئێمەی پارتی و ھەموو کورد و کوردستانییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، ئەو یادە گرینگە بەرز ڕادەگرین و، ڕێبازە پیرۆزەکەی و ڕۆژە سەخت و دژوارەکان و ئاوارەیی و خۆڕاگریی پارتی و پێشمەرگە سەربەرزەکان و دڵسۆزانی گەلەکەمان و بەردەوامی و سەرکەوتن بەسەر دوژمن و نەیاران و ئارامی و دووربینیی ئەو سەرکردە مێژووییەی نەتەوەکەمان بەبیر دێنینەوە، کە پێش (٧٦) حەفتا شەش ساڵ ئەو بیرۆکە گرینگەی ھەبووە و، بووە قوتابخانەیەک بۆ ڕزگاریی گەلەکەمان و لەو قوتابخانەیە پێشمەرگەی قارەمان و کادرانی دڵسۆز و بەتوانا پێگەیشتن و بۆ ڕزگاریی گەل و وڵات ڕێگای فیداکارییان گرتە بەر.

ئەمڕۆ حەفتا و شەش ساڵ بەسەر دامەرزاندنی دێرینترین ومەزنترین و شۆڕشگێرترین پارتی سیاسی و نەتەوەیی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا تێدەپەڕێت، ئەو پارتەی لە سەر دەستی کەسایەتیەکی کاریزما و خۆنەویست و دڵسۆز و دووربین، ڕابەری نەتەوەیی کورد و کوردستان مەلا مستەفا بارزانی، بە بڕوابوون بە خۆی و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بۆ ڕزگاری وئازادیی نەتەوەیەکی زوڵملێکراوی پارچە پارچەکراو لەدایک بوو.

لەم یادە پڕ شکۆیەدا کە هاوکات ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانییە جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و جەماوەری گەلەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کادر و ئەندامان و لایەنکرانی پارتیمان دەکەین.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساتەوەختی سەخەت و ڕۆژانی دژوار و ئاڵۆزی سیاسی لە هەناوی نەتەوەیەک و لە بارودۆخێکی تاریکی پڕ ستەمدا دامەزرێندرا و ئاڵای تێکۆشانی هەڵکرد و بووە کۆکەرەوە و ڕێکخەری هەموو خەمخۆر و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران و چین و تۆیژەکان و نەتەوەکەمان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانیەکانمان دژی داگیرکاری خاکی پیرۆزی کوردستان.

ھەر ئەو پارتە مەزنە، بە سەرۆکایەتیی سەرکردەی ڕوحیی گەلی کوردستان مستەفا بارزانی، سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلولی مەزنی کرد و بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر بە ڕێککەوتننامەی یانزەی ئاداری مێژووی ساڵی١٩٧٠ گەیشت.

بەرپاکردنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز دژی رژێمی دیکتاتۆری بەعس وێستگەیەگی گرینگی مێژووی پڕ سەروەریی پارتیمانە لە شۆڕش و بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان کە هەمیشە لە هزری دڵسۆزان و خەباتگێڕان و ڕۆشنبیرانی بەئەمەکی نەتەوەکەمان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

بەرەی کوردستانی و ڕاپەرین و دامەرزاندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێی دیکە بوون لە مێژووی خەباتی مەدەنییانەی پارتیمان لەپێناو بونیاتنانەوەی کوردستان و بوونی بە خاوەنی دمەرزاوەی شەرعیی خۆی لەپێناو وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی گەلی کوردستان.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگای دەستوور و بەشێوەیەکی ئاشتییانە هەوڵی وەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی گەلەکەمانی داوە و، لەو پێناوەدا هەموو ڕێگایەکی سەختی لەگەڵ دۆست و نەیاران تاقی کردەوە و ڕیفراندۆمی کوردستانی بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا کە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی عێراق دان بە ڕەوایی مافەکانی گەلەکەماندا نانێن و هیچ سوودیان لە مێژووی پڕ قوربانیدانی گەلەکەمان وەرنەگرتووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتیی دەکات و هەڵگری پەیامی راستەقینەی کوردایەتییە و وەکو ئەرکێکی مێژوویی لەئەستۆی گرتووە.

پارتی بە سەرکردایەتیی رێزدار سەرۆک بارزانی، هەمیشە جێگای متمانە و ئۆمێدی گەلەکەمانن بۆ گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکانمان و وەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان لە کوردستاندا.

جەماوەری خۆڕاگری ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە لەوەی پشت ئەستوور بن بە پارتیمان لەپێناو ڕزگارکردنیان لەو داگیرکارییەی لە دوای خیانەتی ١٦ی ئوکتۆبەر لە کەرکووکی دڵی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان هاتە کایەوە و، پیلان و خەونی نەیاران بە ئەنجامدانی پرۆسەی بەعەرەبکردن و سەپاندنی دەسەڵات لە ڕێگای هێزی نامۆ بەو ناوچانە پووچەڵ دەکاتەوە و، هیچ کات سازش لە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان ناکات و، کۆتایی بەو دۆخە ناهەموارە دێنێت و، وتە بەنرخەی بارزانیی نەمر دێنێتە جێ کە فەرمووی "کەرکووک دڵی کوردستانە".

بەڕێزان ئەم یادکردنەوەیەی ١٦-ی ئاب لە قۆناخێکی زۆر ھەستیاردا دەرباز دەبێت وەکو پێشتریش لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ و ٢٠٢١ و لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەکان ئاماژەمان پێداوە کە عێراق لەسەر دووڕیانێکی ھەستیاردایە. ئەگەر ڕێگای عەقڵ و لۆجیک بگرێت و بەدەستوور و یاسا پابەند بێت و مافی گەڵی کوردستان پێشێل نەکات ئەوا عێراق بەرەو سەقامگیری و ژیانێکی بەختەوەر بۆ ھاووڵاتیانی دەچێت، بە پێچەوانەیشەوە، عێراق بەرەو ھەڵدێر دەچێت و بۆ ماوەیەکی زۆر تووشی گشت جۆرە نەھامەتییەك دەبێت.

ئومێدەوارین خوای گەورە گەلی ستەملێکراوی کوردستان بپارێزێت لە پڕوشکی ئەو ئاگرەی ئەگەری زۆری ھەیە بەر گەندەڵکارانی عێراق بکەوێت.

ھەر بۆیە زۆر گرینگە خەڵکی کوردستان بەراوردی بارودۆخی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکەن و پێکەوە ھەوڵ بدەن کەموکورتییەکان چاك بکەن و پشتیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پەڕلەمان وحکومەتی ھەرێم و ئەنجومەنی دادوەری بن، تا ئەوانیش بتوانن بارودۆخی پێشمەرگە و کەسوکاری شەھیدان و فەرمانبەران و گشت کوردستان و دانیشتووانەکەی باشتر بکەن.

لەم یادە شکۆدارەدا دووبارە سەری ڕێز و نوازش بۆ شەهیدە سەربەرزەکانی کورد و کوردستان و سەروەری شەهیدان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدرسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد و کوردستان

بەرز و پیرۆز بێت یادی ١٦ی ئاب ڕۆژی دامەرزاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان
١٦ی ئابی ٢٠٢٢

Top