گرنگیی خۆراكی پرۆتینی لە ژەمی بەیانیدا

گرنگیی خۆراكی پرۆتینی لە ژەمی بەیانیدا

توێژینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە برسیبوون لەبەر كەمیی پرۆتین Protein hunger هاندەرە بۆ زیاد خواردنی خۆراكی پڕۆسێسكراو و زیادبوونی كێش و قەڵەوی، بۆیە رێنمایی دەكەن كە ژەمی بەیانییان بڕێكی زیادی پرۆتین لەخۆبگرێت، بۆنموونە: هێلكە، پاقلەمەنییەكان، پەنیر، شیر، مریشك، كەرەی فستقی سوودانی Nut butter، كاكڵەكانی وەكو گوێز یان باوی، چونكە پرۆتین هاوشێوەی چەوری هەرسكردن و هەڵمژینی شەكر و جۆرەكانی دیكەی كاربۆهیدرات لە كۆئەندامی هەرسدا لەسەرخۆ دەكاتەوە. ئەگەر لە ژەمی بەیانییاندا بڕی زیادی خۆراكی پڕۆسیێسراو و شیرینی بخۆین، ئەوا كرداری هەرس و هەڵمژینی ئەم جۆرە خۆراكانە لە كۆئەندامی هەرسدا بە خێرایی دەبێت و دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا، كە هانی چوونەژوورەوەی خێرای شەكری گلوكۆز بۆ خانەكان دەدات و ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی بەرزدەبێتەوە و پاش ماوەیەكی كورت بە خێرایی دادەبەزێت، ئەمەش هاندەرە بۆ زیادبوونی ئارەزووی خواردن و دووبارە پەنا بردنە بەر خۆراكی ناتەندروست، تەنانەت ئەگەر هەستی برسیبوونیش پەیدا نەبووبێت، لە ئەنجامدا ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی زیاد دەبێت.

 

Top