شڤان حەمدی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: دەبێت ئافرەت ترسی لە كۆمەڵگە بشكێت و میدیاش ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت

شڤان حەمدی  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     دەبێت ئافرەت ترسی لە كۆمەڵگە بشكێت و میدیاش ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت

 

شڤان حەمدی جیا لەوەی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەرچووی كۆلێژی یاسایە و لە هەمانكاتدا چالاكێكی بزێوی ناو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە و، كار لەسەر پرسی گەنج و كێشەی ئافرەتان و تەواوی كێشەكانی كۆمەڵگەی كوردستان دەكات، لەم گفتوگۆیەدا بە خستنەڕووی چەند بۆچوون و پێشنیارێك گەنگەشەكەی لەسەر (ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا) دەوڵەمەند كرد:

لە كۆڕ و كۆبووەنەوەی لەم جۆرە كە ئەم هەموو زانا و ئەكادیمیست و پسپۆڕە گەورانەی كوردستان ئامادەن و، لەسەر پرسێكی وا گرنگ (ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا) قسە دەكەن و، بە بوێری و زانستەوە دەست دەخەنە سەر كرۆكی كێشەكان و بیروبۆچوونی زۆر باش و نایاب بۆ چارەسەكردنی دەخەنە ڕوو، ئەوا ئەو قسانەی ئێمەش دەیكەین، هەر بە ئیلهام وەرگرتنی ئەو بیروبۆچوونانەیە كە ئێوە لەم گفتوگۆیەدا خستتانە ڕوو، بۆیە من قسەكانی خۆم بەو پەندە دەست پێ دەكەم كە دەڵێت «لە پشت هەر پیاوێكی سەركەوتوو ژنێك هەیە»، من پێم وایە لە پشت هەر ئافرەتێكی سەركەوتووشەوە پیاوێك هەیە، ئەوجا بۆ هەڵوەستەكردنی زیاتر لەسەر ئەم پرسە، قسەكانی خۆم گرێ دەدەمەوە بە قسەكانی خاتوو ئاوات حوسامەدین وەك خانمێكی ئایینی لە ئایینی زەردەشتیدا، كە ئایینەكەیان ڕێگە دەدات خانمی ئایینی هەبێت و پەیڕەوی ئەو گوتەیەی زەردەشت دەكەن كە دەڵێت (بیری چاك، وتەی چاك، كرداری چاك)، بەڵام وێڕای ئەوەش گوێمان لێ بوو لەم گفتوگۆیەدا پێی گوتین (من باجی ژنبوونی خۆم دەدەم لەبەر ئەوەی پیاوانی هاوپەیڕەوم لە ئایینی زەردەشتیدا، پێیان شەرمە كە دەچینە شوێنێك ڕێزم دەگرن و بە گەرمی پێشوازیم لێ دەكەن)، هەروەها گوێشمان لەوە بوو كە پێی گوتین: «ئەگەر پشتگیریی هاوسەرەكەم نەبوایە، نەمدەتوانی بە ئاشكرا ئایینی خۆم ڕابگەیەنم»، ئەم دوو پەیڤەی خاتوو ئاوات دوو جۆر بیركردنەوەی پیاوانی پیشان داین، كە یەكەمیان هەژموونی ئەقڵییەتی پیاوسالارییە كە تەحەمولی سەركەوتنی ئافرەت ناكات، ئەوەی دووەمیشیان ئەقڵییەتی مرۆڤسالارییە كە لە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردایە كە بووەتە پشت و پەنا بۆ دەركەوتنی خانمێكی سەركەوتوو.

د. نەزاكەتیش دیسان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە یەكێك لەو هۆكارانەی دەبێتە كۆسپ لە بەردەمی ئافرەتانی سەركەوتوو لە كایەی سیاسەت و حوكمڕانیدا، بایەخی وێنای ئافرەتە لە ئەقڵییەتی پیاوسالاریدا لەسەر ئاستی خێزان، ئەو ئافرەتە هەر پلە و پۆستێكی سیاسی، یان حوكمڕانیی هەبێت، كە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە دەبێ جارێكی دیكە فەرمان و بڕیاری هاوسەرەكەی جێبەجێ بكات و، هاوسەرەكەی پێی ڕەوا نابینێ بەو چاوە سەیری بكات كە لە كۆمەڵگە لە پێگەكەی خۆی هەیەتی.

پ.د.ڕەشاد میران وەك زانایەكی كۆمەڵناس، زۆر ڕاشكاوانە دەستی خستە سەر برینەكە و پێی گوتین: «ئەگەر بە دیدێكی كۆمەڵناسانە سەیری پرسی یەكسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز بكەین، ئەوا دەبێ لە چوارچێوەی دوو چەمكی كلیلی سەرەكیدا تەماشای بكەین، كە بریتین لە (سیستێمكی كۆمەڵایەتی و كەلتوور، بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی هەر كۆمەڵگەیەك)، لەمەش زیاتر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە سیستمی كۆمەڵایەتی و كەلتوور لە یەكدی جیا ناكرێنەوە، بۆیە گرنگە بوێر بین و هەنگاو بەرەو مودێرنیزم هەڵبگرین و بەرەنگاری بەها كۆن و بەسەرچووەكانی كۆمەڵگە ببینەوە و، ببین بە خاوەنی شێوازێكی بیركردنەوەی سەردەمییانە و زۆر لەو بەهایانە بگۆڕین كە ئێمە پیادەیان دەكەین، ئەگەر بوێر بین و ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەت و بەها كۆنانە ببینەوە، ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێنینەوە دكتۆر ڕەشاد گومانی هەیە كە بتوانین بەرەنگاری ئەو بەها كۆنانە ببینەوە.

لێرەوە لە هەناوی ئەم بۆچوون و بیركردنەوە، پرسیارێك دەورووژێنم و دەڵێم: «ئەگەر ئەو بوێرییەمان نەبێت، بەرەنگاری ئەو بەها كۆنانە ببینەوە، ئایا داهاتووی كۆمەڵگەكەمان ناكەوێتە سەر لێواری هەڵدێر؟ كە ئەمەش دەبێت بە هەڕەشە بۆ ئەو دەسەڵات و سیاسەتەی كە ئەقڵییەتی پیاوسالاری لە كۆمەڵگەدا پیادەی دەكات، كەواتە ئەم واقیعە فەرزی دەكات كە هیچ چارەیەك لە بەردەمماندا نییە و بمانەوێت، یان نەمانەوێت دەبێ چەند هەنگاوێك هەڵبگرین.

بەپێی توێژینەوە زانستییەكان دەركەوتووە كە پەروەردەی تاكی سەركەوتوو چەند قۆناغێكی گرنگ دەگرێتەوە، كە بریتین لە:

1. پەروەردەی خێزانی.

2. پەروەردەی زانستی لە ناوەندەكانی خوێندن.

3. پەروەردەی ناو كۆمەڵگە.

توێژینەوە زانستییەكان لە پلەبەندیی شێوازەكانی پەروەردەی تاكدا، پەروەردەی خێزانی بە پلەی یەكەم و سەرەكیترین پەروەردەی تاك دەزان، ئەم پەروەردە خێزانییەش ئافرەت ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت، كە ئەویش (دایك)ـە. هەر بۆیە ئەگەر پرۆسەی سیاسەت و بڕیاردروستكردن بۆ كۆمەڵگە ئامانجی ئەوە بێت كە كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران و كامەران فەراهەم بكەین، ئەوا دەبێت بایەخ بە ئافرەتان بدەین، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی سەركەوتوو بەرهەمی ئیرادەی تاكی سەركەوتووە (نێر و مێ) پێكەوە.

د. خانزاد سەرۆكی ئەنجومەنی خانمان باسی ئەوەی كرد، كێشەی سەرەكی لە بەردەم هەوڵەكاندا بۆ یەكسانیی ڕەگەزی، ئەوەیە كە ئەقڵییەتی نێرسالاری ئەم كێشەیە بە هی خۆی نازانێت و نایەوێت هاوكاری ئافرەتان بێت، بەڵام لە بەرانبەردا د. ڕەشاد پێی گوتین ئافرەتەكانیشمان بە ئەقڵییەتی پیاوسالاری بیر دەكەنەوە.

لە نێوان ئەم دوو پەیڤەدا كە بە ڕواڵەت هاودژییەك لە نێوانیادا هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ڕایەڵەی هاوبەش پێكەوە گرێیان دەداتەوە، ئەو ڕایەڵە هاوبەشە من ناوم لێ ناوە «ترسی ئافرەتان لە كۆمەڵگە»، ئەمەش واتە ئافرەتان لە ترسی بەها كۆنەكانی كۆمەڵگە بە پیاوسالاری بیر دەكەنەوە و، هەر لەبەر ئەو ترسەشە كە ناتوانن قۆڵی لێ هەڵ بكەن و باشتر ڕۆڵی خۆیان لە كایەی سیاسیی كوردستاندا بگێڕن، لێرەوە گرنگە ئێمە كار بۆ ئەوە بكەین كە ترسی ئافرەت بشكێنین، شكاندنی ئەم ترسەی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا ئەركی هەموو لایەك و هەموو ئۆرگانەكانی حزب و حكومەت و حوكمڕانی و میدیایە، بە داخەوە میدیا ڕۆڵێكی هێجگار نەرێنی دەگێڕێت لەسەر ئافرەت و پرسی ئافرەت، زۆربەی ئەو هەواڵانەی میدیا لەسەر پرسی ئافرەت بڵاوی دەكاتەوە، هەواڵی كوشتن و توندوتیژییە دژی ئافرەتان، ئەمە نەك ترسەكەی نەڕەواندووەتەوە، بەڵكو ترسەكەی تێكەڵ بە ناخی خانمان كردووە و، وای لێ كردووە كەمتر بێتە پێشەوە و كەمتر هەوڵ بدات و كەمتر تێكەڵ ببێت و كەمتریش هاوبەشی بكات و، داوای پۆستی سیاسی و حكوومی نەكات.

بە باشی دەزانم دوایین قسەم بۆ خانمانی كوردستان ئەوە بێت كە بڕوایان بە ئیرادەی خۆیان هەبێت، باشترین نموونەش ئەگەر سەرنج بدەن لە دەستپێكی پێكهانی كابینەی نۆیەم (گرووپێكی ژنان دروست بوو، بۆ دروستكردنی فشار بۆ پشكی زیاتری ئافرەت لە كابینەی نۆیەمدا) ئەم گوشارە وای كرد، ڕێژەی ئافرەت لەم كابینەیەدا بە ڕاددەیەكی باش زیادی كرد، بۆیە ئەگەر ئەو ترسە بشكێنین و ئافرەتان باشتر بێنە پێشەوە، دەتوانین بە ئاسانی ئەو بەها كۆنانە بگۆڕین كە بوونەتە بەربەست لە بەردەم بەشداریی زیاتری ئافرەتان لە ناو كایەی سیاسیدا.

 

Top