پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: هەستكردن بە لاوازیی ئینتیمای نیشتمانی لای هاووڵاتیانی كوردستان مەترسییەكی گەورە لەسەر گوتاری نەتەوەییمان دروست دەكات

پ.د.نەزاكەت حسێن  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     هەستكردن بە لاوازیی ئینتیمای نیشتمانی لای هاووڵاتیانی كوردستان مەترسییەكی گەورە لەسەر گوتاری نەتەوەییمان دروست دەكات

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن، جیا لەوەی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پسپۆڕ و ئەكادیمیستی میدیایە لە زانكۆی سلێمانی و خاوەنی چەندین كتێب و توێژینەوەی زانستی و مەیدانییە لە بواری میدیا و كێشەی گەنجان و ژنان‌، لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەڵقەی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆ بە هۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی ئامادە بێت، بەڵام دواتر تۆماری دەنگی گفتوگۆكەمان بۆ نارد و بەمجۆرە ڕاو بۆچوونەكانی خۆی بۆ ناردینەوە:

« سەرەتا داوای لێبوردن دەكەم كە بە هۆی نەخۆشییەوە نەمتوانی لە ئەڵقەی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆ «ئینتیمای نیشتمانی پرس و گەنگەشە» ئامادە بم، بەڵام سوپاسی هەڤاڵ و هاوكارم فەرهاد محەمەد دەكەم كە تۆماری دەنگی گفتوگۆكەی بۆ ناردم و پاش ئەوەی گوێم لێ گرتەوە، حەزم كرد منیش بە چەند پەیڤێك بەشداریتان لەگەڵدا بكەم:

پێش هەموو شت زۆر ئەستمە لە سەردەمی جیهانگەرایی و پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكرد، بتوانین بە شێوە نەریتییەكەی باسی ئینتیمای نیشتمانی بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە خەسڵەتی ئەم جیهانە تازەیە بەو جۆرەیە شێوەیەك لە یەكپۆشی دروست دەكات و تاك لە كەلتوور و ناسنامەی نیشتمانەكەی خۆی دادەماڵێت.

كەواتە لەناو ئەم جیهانە ئاڵۆز و فرە ڕەهەندەدا دەبێت شێوازی بیركردنەوەمان لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریانە ببەینە‌ ئەو ئاستەی چۆن پرۆسەیەك دەست پێ بكەین بۆ دووبارە پێناسەكردنەوەی ئینیتما و دووبارە بونیادنانەوەی ناسنامەی نیشتمانیمان، كە ئەمیشیان دیسان وەك بونیادنانەوەی نەتەوە و دەوڵەت پێویستی بە پرۆسەیەكی هەمەلایەنە و گرنگە كە هەموو ئەو توخمانەی دەبنە پێكهێنەری ناسنامەی نیشتمانیمان پێكەوە كارلێك بكەن و، لەناو یەك چوارچێوەدا خۆی بەرجەستە بكاتەوە، كە ئەویش چوارچێوەی ناسنامەی نیشتمانییە.

 ئەوەی لە گفتوگۆكە سەرنجم دا، ئەم لایەنە كەمتر ئاماژەی پێ درا، بۆیە ویستم هەڵوەستەیەكی خێرای لەسەر بكەم، ئەوجا ئەگەر بگەڕێمەوە سەر ئەو لایەنانەشی كە ئێوەی بەڕێز ئاماژەتان پێ كرد و زۆر جەختان لەسەر پەروەردەی خێزانی و پەروەردەی كۆمەڵگە و سیستمی پەروەردە و خوێندن و هەتا زانكۆكانیش كرد، ئەوا زۆر گرنگە بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووە تاڵەی كە پێش ڕاپەرینی بەهاری 1991 بەسەر گەلەكەمان هاتووە، ئەمەش هەر لە پرۆسە بەدناوەكانی ئەنفال و بە سووتماكردنی خاكی كوردستان، ئەم مێژوو و كارەساتانە كە نەوەكانی دوای ڕاپەرین نەیانبینیوە، دەبێت ببێتە هەوێنی پەروەردەی نەوەكانی ئەم سەردەمە كە لە پەروەردەی خێزانەوە دەست پێ دەكات، تا دەگاتە هەموو بوارەكانی دیكەی پەروەردەیی لە قوتابخانە و زانكۆكان و كۆمەڵگەدا.

لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنگە، ئەوەیە كە دەبێت بایەخێكی زۆر گەورە بە خەبات و قوربانیدانەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بدرێت، كە چۆن بەگژ ئەو دڕندایەتییەی ڕژێمەكانی پێشووی عێراقدا چووەتەوە و نەیهێشتووە ئینتیمای نیشتمانیمان لاواز بێت، ئینتیمای نیشتمانی لە بەهاری 1991 گەیشتە ئەو ئاستەی كە ڕاپەرینی سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی بەرپا كرد.

لەدوای ڕاپەرین بەداخەوە دیسان لەناو ژینگەی ململانێی حزبیدا، دوو ڕەوتی دیكە سەری هەڵدایەوە، ڕەوتێكیان خەباتی دەكرد بۆ بەرزڕاگرتنی پیرۆزییەكانی خاك و نەتەوە كە ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان داكۆكیكاری بوون، لە بەرانبەر ڕەوتێكی دیكە كە چەندین لایەن و ئایدیۆلۆژیەتی جیاوازی لە خۆی گرتبوو، كە بە شێواز و ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز كاریان لەسەر لاوازكردنی ئینتیمای نیشتمانی و بێ بەهاكردنی پیرۆزییەكانی نەتەوە و نیشتمان دەكرد، بۆ ئەمەش ئەم ڕەوتە بە شێوازی زۆر جیاواز كاریان بۆ كاڵكردنەوەی ئینتیمای نیشتمانی دەكرد و، ئەم ئاراستەیە هەتا ئێستا زۆر بە ڕاشكاوی بە ڕاگەیاندنەكانیانەوە دیارە و هەر بەردەوامە.

بە حوكمی شارەزاییم لە بواری كاری میدیایی، كە زۆر گرنگە بە جددی هەڵوەستەی لەسەر بكەین، بە بۆچوونی من پێویستە میدیایەكی نیشتمانی هەبێت، هاوشێوەی كەناڵی ناوخۆیی «BBC» كە بەردەوام هەر بابەت و پرسێك لەو كەناڵەدا بورووژێندرێت، دەیباتەوە سەر ئەو دەڕبرینەی كە دەڵێت: «بەریتانیبوون و نیشتمانیبوونت لە بەهێزیی بەریتانیادایە»، پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەموو ڕاگەیاندنێك دەتوانێت ئەم هەستە بەرزە نیشتمانییە دروست بكات؟ بێگومان تەنیا ڕاگەیاندنێكی نیشتمانی دەتوانێت ئەمە بكات، كە بەداخەوە هێشتا ئێمە هەنگاومان بۆ هەڵنەگرتووە كە زۆر گرنگە هەنگاوی جددی بۆ هەڵبگرین.

بە پێویستی دەزانم لێرەدا چەند پێشنیارێك بخەمە ڕوو بۆ بەهێزكردنەوەی ئینتیمای نیشتمانی:

1. نابێت هەرگیز مێژووی كارەسات و نەهامەتییەكان و سەروەرییەكانی نەتەوە فەرامۆش بكرێت، بۆیە زۆر گرنگە هەم لە ڕێگەی سیستمی پەروەردە و خوێندن، هەمیش لەسەر ئاستی میدیا و كۆڕ و كۆبوونەوە گشتییەكان و ناوەندە حزبی و ڕێكخراوەییەكانەوە، بەردەوام هەم كارەسات و نەهامەتییەكان، هەمیش سەروەرییەكانی نەتەوە و بەرخۆدان بە زیندوویی بهێڵینەوە و نەوەكانی پێ پەروەدە بكەینەوە، بۆئەوەی نەوەی ئێستا نەڵێت ڕاپەڕین چی بۆ كردووم؟

2. سیمبوڵەكانی نەتەوە كە نەتەوە زیندووەكان پێیان دەڵێن باوكانی دامەزرێنەر، گرنگە بە زیندوویی لە دڵی خۆمان و نەوەكانمان بیانهێڵینەوە، بە ڕێگەی جۆراوجۆری پەروەردەیی و میدیایی و فیلم و دیكیۆمێنتاری كاری جددییان لەسەر بكەین.

3. دووبارە پێداچوونەوە بە تەفسیری دەقە ئایینییەكان و ڕاڤەكردن و گوتاری ئایینیمان، سڕینەوەی ئەو بابەتانەی كە ئینتیما بۆ خاك و نیشتمان ناهێڵێت و جەخت كردنەوە لەسەر ئەو پرسانە كە خۆشەویستیی نیشتمان بە باوەڕەوە گرێ دەداتەوە.

لە دوماهیدا دووبارە دەستخۆشی لە بەشداربووانی ئەم گفتۆگۆیە جددی و گرنگە دەكەم، بە ڕاستی پێشنیار و بۆچوونی زۆر باش خرانە بەر باس، بەو هیوایەی بتوانرێت سوودێكی زۆر باشی لێ وەربگیرێت.

 

Top