ئایا خواردنەوەی ئاوی گازدار زیانی تەندروستی هەیە؟

ئایا خواردنەوەی ئاوی گازدار زیانی تەندروستی هەیە؟

ئاوی گازدار Sparkling water لە گەلێك شوێندا بووەتە جێگرەوەیەكی باشتر لە كۆلا یان سۆدا لەگەڵ ژەمەكانی خواردندا. ئاوی گازدار یان ئاوی كاربۆنكراو بە شێوەی جۆراوجۆر لە بازاڕەكاندا هەیە، بۆنموونە سادە یان تێكەڵ لەگەڵ چێژی میوە یان شیرەی میوە، شیرنكراو بە شەكر یان ماددەی شیرینكاری دەستكرد Sweeteners، كافائین، سۆدیۆم(خوێ)..تاد. خواردنەوەی ئاوی گازدار شان بە شانی ئاوی ئاسایی، ڕۆڵی هەیە بۆ ڕێگرتن لە كەمبوونەوەی شلەی لەش، ئەمەش هاندەرە بۆ: بەرزبوونەوەی ئاستی وزەی لەش، خۆپاراستن لە قەبزی، كەمكردنەوەی ئەگەری سەرئێشە، لەگەڵ خۆپاراستن لە وشكبوونی پێست. خواردنەوەی بڕی زیادی ئاوی گازدار كە ڕۆژانە زیاتر بێت لە 350 میللیلیتر ئەوا دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی گاز لە گەدە و ڕیخۆڵەدا، هەروەها ئەو جۆرانەی ئاوی گازدار كە شیرینكاریی دەستكردی وەك مانیتۆل Mannitol، سۆربیتۆل Sorbitol، زیلیتۆل Xylitol یان ئایزۆمالت Isomalt لەخۆدەگرن، ئەوا زیاد خواردنەوەیان لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری سكچوون و كۆبوونەوەی بڕی زیاتری گاز لە كۆئەندامی هەرسدا، بەتایبەتی كە هاوكات دەبن لەگەڵ خواردنی پاقلەمەنییەكان، نیسك، نۆك، كەلەرم، پیاز، برۆكۆلی، قەرنابیت، یان دانەوێڵەوی تەواو. لە لایەكی دیكە زیاد خواردنەوەی ئاوی گازدار لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری سووانی چینی مینای ددانەكان، چونكە ئاوی گازدار ترشێتییەكی كەمی هەیە.

Top