سترێس ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكاتەوە

سترێس ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكاتەوە

 سترێس Stress كاردانەوەیەكی سرووشتی و ئاسایی لەشە بەرانبەر بە هەر مەترسییەك و كاریگەریی نەرێنی ناكاتە سەر تەندروستی ئەگەر بەردەوام نەبێت، بەڵام كە بەردەوام و درێژخایەن بوو، ئەوكاتە زیانی زۆر و جیاوازی بۆ تەندروستی دەبێت. لە ڕاپۆرتەكانی كۆمەڵەی بەریتانیی نەخۆشیی شەكرە BDA هاتووە كە سترێس ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكاتەوە، چونكە سترێس هاندەرە بۆ دەردانی چەند هۆرمۆنێك وەكو كۆرتیزۆل و ئەدرینالین كە فرمانی هۆرمۆنی ئینسولین دەشێوێنن یان وا لە خانەكانی لەش دەكەن كە بەرگری بەرانبەر بە ئینسولین Insulin resistance پەیدا بكەن، بەمەشەوە ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی بەرزدەبێتەوە. لە حاڵەتی سترێسی درێژخایەندا شەكری خوێن بە بەردەوامی لە ئاستێكی بەرزدا دەمێنێتەوە. لە لایەكی دیكە سترێس هۆكارە بۆ گرنگی نەدان بە خۆراك و ستایلی ژیانی ڕۆژانەی تەندروست، هەروەها زیادبوونی كێشی لەش كە هەموویان هاندەرن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، پسپۆران ئەمەشیان ڕوون كردووەتەوە كە ئاستی بەرزی پەستی هاندەرە بۆ زیاد دەردانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل كە ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكاتەوە، هەروەها كاریگەری دەكاتە سەر هۆرمۆنی ئینسولین بە شێوەی كەمكردنەوەی دەردانی یان گۆڕینی كاریگەریی ئینسولین لەسەر خانەكانی لەش و بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن.

 

Top