كەمخوێنی لەبەر كەمیی ڤیتامین

كەمخوێنی لەبەر كەمیی ڤیتامین

كەمخوێنی لەبەر كەمیی ڤیتامین B12 یان ڤیتامین B9 كە بە فۆلەیت Folate ناسراوە، حاڵەتێكی دەگمەن نییە و زیاتر لە بەساڵاچوواندا دەبینرێت، بە پشكینی خوێن دەستنیشان دەكرێت. كەمیی ئەم 2 ڤیتامینە دەبێتە هۆی كەمتر دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و گەورەبوونی قەبارەیان. نیشانەكان: سووربوونەوە و سووتانەوەی زمان، كولبوونی دەم، بێهێزیی ماسوولكەكان، كەمی وزە و هەستكردن بە زوو ماندووبوون، خەمۆكی، گرفت لە تەركیز و بیركردنەوە و بیرهاتنەوەدا، ناڕوونی بینین، لەگەڵ هەستكردن بە تەزین لە دەست و پێیەكاندا. ئاڵۆزییەكان: نەزۆكیی كاتی، زیادبوونی ئەگەری ئاڵۆزییەكان بەتایبەتی سەقەتی زگماكی كۆرپە لە ئافرەتی دووگیانی تووشبوو بەم جۆرە كەمخوێنییە، گرفت لە كۆئەندامی دەماردا كە لەوانەیە هەمیشەیی بێت وەكو لەدەستدانی هاوسەنگیی لەش و ونكردنی یاد Memory loss، هەروەها گرفت لە دڵدا وەكو پەككەوتنی دڵ. چارەسەركردن: گرنگیدان بەو خۆراكانەی كە سەرچاوەن بۆ ڤیتامین B12 و B9، بۆنموونە سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B12 بریتین لە: جگەر، گۆشت، ماسی، هێلكە، شیر و بەرهەمەكانی. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B9 (فۆلەیت) بریتین لە: جگەر، سپێناغ و سەوزە گەڵا تاریكەكانی تر، برنج، ئاڤۆكادۆ، مۆز، پاقلەمەنییەكان، لەگەڵ تۆوی گولەبەڕۆژە. جگە لە خۆراك، بەكارهێنانی ڤیتامین B12 و B9 كە دكتۆر بڕیار لەسەر ژەمی ڕۆژانە و ماوە و چۆنییەتی بەكارهێنانیان دەدات، هەنگاوی دووەمە بۆ چارەسەركردن.

 

Top