زیپكە لە كاتی سووڕی مانگانە  

زیپكە لە كاتی سووڕی مانگانە   

  هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن بە درێژایی ڕۆژەكانی دەوری دەستپێكی سووڕی مانگانەی ئافرەت، لەگەڵ هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن كە بە ڕێژەیەكی كەم لە لەشی ئافرەتدا هەیە، هاندەرن بۆ زیاد دەردانی چەوریی پێست، كە هۆكارە بۆ داخستنی كونەكانی پێست و سەرهەڵدانی زیپكە كە بە زیپكەی هۆرمۆنی Hormonal acne ناسراوە بە شێوەی كیسی بەئازار یان نیمچە گرێی قووڵ، كە ئازاری توندتریان هەیە بەراورد بە زیپكەی ئاسایی. زۆربەی ئافرەتان تووشی زیپكەی هۆرمۆنی دەبنەوە كە زیاتر لە بەشی خوارەوەی دەموچاودا بەدی دەكرێن، واتە ڕوومەت، هێڵی شەویلاك و چەناگە، دەوری دەم، مل، هەروەها شان و پشت. ئایا زیپكەی هۆرمۆنی تا چەند بەردەوام دەبێت؟ سووڕی مانگانە لە ئافرەتێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازی هەیە، بۆیە كاتی سەرهەڵدان و كاتی چاكبوونەوەی زیپكەكاندا جیاوازیی هەیە، بۆنموونە لەوانەیە كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ تا چەند هەفتەیەك بمێننەوە، واتە بەشێوەی جیاواز تووشی ئافرەتان دەبێت. هەنگاوەكانی خۆپاراستن و چارەسەركردن: كەمكردنەوەی ئاستی سترێس، خەوی دروست، خۆراكی هاوسەنگ و جۆراوجۆر، بەكارهێنانی كەمادەی گەرم یان سارد، دووركەوتنەوە لە فشاردان و گوشین و دەستكاریكردنی زیپكەكان، هەروەها بەكارهێنانی ئەو ئاوێتانەی دەموچاو كە ترشی سالیسیلیك Salicylic acid لەخۆ دەگرن

Top