بۆچی كەسانی پەست و بێزار تووشی خەمۆكی دەبن؟

بۆچی كەسانی پەست و بێزار تووشی خەمۆكی دەبن؟

 ئەوە سەلمێنراوە كە پەستی Anxiety هاندەرە بۆ تووشبوون بە خەمۆكی Depression، بۆنموونە 40-50%ی حاڵەتەكانی پەستی تووشی خەمۆكی دەبن، بە پێچەوانەشەوە تووشبووانی خەمۆكی بە هەمان ڕێژە تووشی پەستی دەبنەوە. پەستی تەنیا تووڕەبوون و نیگەرانی و نۆرەی ترس و تۆقین ناگرێتەوە، بەڵكو هەستكردن بە لەدەستدانی كۆنترۆڵی ناوەوەش دەگرێتەوە، كە ڕێگە بۆ خەمۆكی خۆش دەكات، بۆنموونە پەستی هۆكارە بۆ بیركردنەوەی پەرش وبڵاو سەبارت بە نیگەرانییەك یان گرفتێك، پاشان هەستكردن بە ناخۆشی و نەبوونی توانا بۆ چارەسەركردن، بەمەش تووشبوو دەچێتە ناو سنووری خەمۆكییەوە. پەستی و خەمۆكی پەیوەندیی ئاڵۆزییان هەیە، بۆیە لەكاتی تووشبوون بە پەستی، پێویست بە چارەسەركردنی خێرا و بێ دواكەتن دەكات، ئەگینا دەرگا واڵا دەبێت بۆ تووشبوون بە خەمۆكی، بێگومان ئەوكاتە چارەسەركردنیش قورستر دەبێت. نیشانەكانی پەستی و خەمۆكی بەیەكەوە: نیگەرانی و ترسێكی نالۆجیكییانەی بەردەوام، گرفت لە چوونە خەو یان بەردەوامبوون لە خەو، گۆڕان لە نەرێتەكانی خواردن بە شێوەی كەم خواردن یان زیاد خواردن، گرفت لە بیرهاتنەوە و تەركیز و بڕیارداندا، هەستكردنی بەردەوام بە خەم و بێ بەهایی، نەمانی ئارەزوو بۆ حەز و چالاكییەكان، هەستكردن بە هیلاكی، ڕوودانی نۆرەی تۆقین و هەستكردن بە ونكردنی كۆنترۆڵی ناوەوە، پەیدابوونی نیشانەی جەستەیی وەكو هەستكردن بە ماندووبوون، سەرئێشە، دڵەكوتێ.

Top