بۆتۆكسی قژ چییە؟

بۆتۆكسی قژ چییە؟

  بۆتۆكسی قژ Hair botox بە پێچەوانەی بۆتۆكسی پێست بە شێوەی دەرزیی پێست نییە و هەمان ماددەی بۆتۆكس نییە، ئەگەرچی بە هەڵە هەمان ناوی هەیە، بەڵكو بریتییە لە شێداركردن و داپۆشینی قژ بە ماددەی كیراتین یان كۆلاجین، بە مەبەستی چاكردنەوەی ڕیشاڵی تاڵە مووە ناسك و شكاوەكان، بەمەش قژ درشتتر و تەندروستتر دێتە بەرچاو، كە بەهێزتر و خۆڕاگرترە بەرانبەر بە شكان یان پچڕانی ڕیشاڵەكانی، بە مانایەكی دیكە، بۆتۆكسی قژ واتە قژێكی بەهێز و لووس و بریقەدار. بەگشتی، پێكهاتەكانی بۆتۆكسی قژ بریتین لە: ڤیتامین E، ڤیتامین B5، زەیتی كافیار Caviar oil، مادەی دژەئۆكسان لەگەڵ ئاوێتەی كۆلاجین كە كۆلاجین و چەند ماددەیەكی دیكە دەگرێتەوە.

بۆتۆكسی قژ بۆ كام جۆری قژ گونجاوە؟ جگە لە جوانكاریی قژ، بۆتۆكسی قژ گونجاوە بۆ ئەم حاڵەتانە: قژی وشك، قژی لوول، حاڵەتەكانی زوو زوو بۆیەكردنی قژ، ئەو كەسانەی كە قژیان زۆر ناسك و باریكە، بەركەوتنی زیادی قژ بە تیشكی سەرووی وەنەوشەییی تیشكی خۆر، زیاد بەكارهێنانی وشككەرەوەی گەرمی قژ (سیشوار)، هەروەها بۆ ئەو كەسانە گونجاوە كە لە كەشی شێداردا دەژین.

 

Top