جگەرەكێشان ئەگەری خەمۆكی تا دوو هێندە زیاد دەكات

جگەرەكێشان ئەگەری خەمۆكی تا دوو هێندە زیاد دەكات

بەم دواییە، توێژەرانی زانكۆی ئارهوس Aarhus/ دانیمارك جەختیان كردووەتەوە كە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان جگەرەكێشان و تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكاندا هەیە، بۆنموونە جگەرەكێشان ئەگەری تووشبوون بە خەمۆكی و گرفتی دووجەمسەرە Bipolar disorder تا دوو هێندە بەرز دەكاتەوە. لە لێكۆڵینەوەكاندا ئاماژە بەوە كراوە كە هۆكاری ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ماددەی نیكۆتین Nicotine كە لە جگەرەدایە هۆكارە بۆ تێكدانی خانەكانی مێشك، هاوكات لەگەڵ چەند میكانیزمێكی بایۆلۆژی، بۆنموونە باسی ئەوە كراوە كە ماددەی نیكۆتین ڕێگەدەگرێت لە هەڵمژینی ماددەی سیرۆتۆنین Serotonin كە گەیەنەری سیگنالی دەمارەكانە لە لایەن خانەكانی مێشكەوە، ئەمەش سەلمێنراوە كە ڕێژەی كەمیی ماددەی سیرۆتۆنین لە مێشكدا هاندەرە بۆ خەمۆكی. ئەگەرچی جگەرە لە سەرەتای كێشانیدا هاندەرە بۆ دەردانی ماددەی سیرۆتۆنین لە مێشكدا، بۆیە جگەرەكێش هەست بە ئارامبوونەوە دەكات، بەڵام جگەرەكێشانی درێژخایەن كاریگەریی پێچەوانەی هەیە، واتە بە تێكڕایی ڕێژەی سیرۆتۆنین لە مێشكدا كەم دەكاتەوە، كە كاریگەریی دەروونیی نەرێنی لێ دەكەوێتەوە. لە لایەكی دیكەوە باسی ئەوە كراوە كە جگەرەكێشان دەبێتە هۆی هەوكردن Inflammation لە مێشكدا كە بە تێپەڕبوونی كات چەند بەشێكی مێشك تێك دەدات و ئەگەری گرفتی دەروونی دێتەوە پێشەوە.

 

Top