خۆراكی تەندروست بۆ پاراستنی ئێسك

خۆراكی تەندروست بۆ پاراستنی ئێسك

  كانزای كالسیۆم پێكهاتەی سەرەكیی ئێسكە، نزیكەی 98%ی كالسیۆمی لەش لە ئێسكەكاندایە، لەش ئێسك وەكو بانكی كالسیۆم بەكاردێنێت، هەروەها ڤیتامین D ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ هەڵمژینی كانزای كالسیۆم لە كۆئەندامی هەرسدا، بۆیە كالسیۆم و ڤیتامین D گرنگترین ماددەی خۆراكین كە پێویستن بۆ گەشە و پاراستنی تەندروستیی ئێسك، ئینجا پرۆتین، كانزاكانی مەگنسیۆم، فۆسفۆر، زینك، فلۆراید، بۆرۆن Boron، لەگەڵ پۆتاسیۆم. جگە لە مەشقی وەرزشی، خۆراك ڕۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ گەشە و پاراستنی تەندروستیی ئێسك، بەتایبەتی ئەو خۆركانەی كە كالسیۆم و ڤیتامین D لەخۆدەگرن لەگەڵ ماددەكانی دیكە كە گرنگن بۆ دروستبوون و پاراستنی پتەویی ئێسكەكان، بۆنموونە: شیر، پەنیر، ماست، كە سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ كالسیۆم، ڤیتامین D، فۆسفۆر، ڤیتامین B12، هەروەها زەردێنەی هێلكە، پاقلەی سۆیا، تۆفو Tofu كە لە شیری پاقلەی سۆیا دروست دەكرێت، سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ و گەڵای سڵق، كوارگ، باوی، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، هەندێك جۆری ماسی وەكو ساردین، سالمۆن، لەگەڵ تونە.

Top