بۆچی شەكری خوێن دادەبەزێت؟

بۆچی شەكری خوێن دادەبەزێت؟

دابەزینی شەكری خوێن Hypoglycemia لە تووشبووانی نەخۆشیی شەكرەدا حاڵەتێكی زانراوە، نیشانەكانی بریتین لە: ناڕەحەتی، ئارەقەكردن، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، هەستكردن بە برسیبوونێكی نائاسایی، لەرزینی لەش وسەرسووڕان، لەگەڵ شێوان Confusion. دابەزینی شەكری خوێن لە كوالێتیی ژیان كەم دەكاتەوە، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری كەوتنی تووشبوو و برینداربوونی، دابەزینی سەختی ئاستی شەكری خوێن مەترسی دەخاتە سەر ژیان و پێویستی بە چارەسەری پزیشكیی خێرا و كتوپڕەوە هەیە. دابەزینی شەكری خوێن بە سێ ئاست پۆڵین كراوە: ئاستی یەك (Level 1) واتە كە شەكری خوێن كەمتر بێت لە 70 ملگم/ دێسیلیتر، كە دەبێتە ئەگەری سەرهەڵدانی نیشانەكان، ئاستی دوو (Level 2) واتە كە شەكری خوێن كەمتر بێت لە 54 ملگم/دێسیلیتر، ئاستی سێ (Level 3) كە فرمان و چالاكییەكانی مێشك و جەستە هێندە بە سەختی تێك دەچن، كە پێویست بە هاوكاریی كەسیتر دەكات. بەگشتی، دابەزینی شەكری خوێن وەكو كاردانەوە 2-5 كاتژمێر پاش ژەمی خواردن ڕوو دەدات. جگە لە وەرگرتنی دەرزی ئینسولین یان دەنكی دابەزاندنی شەكری خوێن وەكو چارەسەر لە نەخۆشانی شەكرەدا، نەخۆشیی جگەر و نەخۆشیی گورچیلە هۆكاری دیكەن.

 

Top