قەڵەوی هاندەرە بۆ نۆری دڵ

قەڵەوی هاندەرە  بۆ نۆری دڵ

قەڵەوی بۆووەتە پەتایەكی جیهانی لە هەموو تەمەنەكاندا. ئەمە زانراوە كە قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد دەكات وەكو نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەڵتەی مێشك..تاد. ڕاپۆرتە پزیشكییە نوێیەكان لەم چەند دەیەی دواییدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە قەڵەوی نەك هەر لە تەمەنی گەورە، بەڵكو هەتا لە گەنجەكانیشدا ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ Heart attack بەرزدەكاتەوە كە زۆر جار كوشندەیە. كاریگەرییەكانی هەڵگرتنی بڕی زیادی چەوری لە لەشدا جگە لە شێواندنی شێوەی فیزیكی لەش، مەترسیی گەورە دەخاتە سەر تەندروستیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. بە پێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بەلای كەم 340 ملیۆن منداڵ و نەوجەوان لە تەمەنی 5-19 ساڵیدا لە سەرتاسەری جیهان كێشیان زیادە، یان قەڵەون كە چەندین حاڵەتی نۆرەی دڵ لە نێویاندا ڕاپۆرت كراوە. هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە قەڵەوی هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن، لەگەڵ دروستبوونی بەرگری دژ بە هۆرمۆنی ئینسۆلین كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات، كە ئەویش بە دەوری خۆی هاندەرە بۆ تووشبوون بە بەرزبوونەوی پەستانی خوێن و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. ئەم فاكتەرانە لەگەڵ بارگرانیی كێشی زیاد لەسەر دڵدا ئەگەری نۆرەی دڵ لە هەموو تەمەنێك لە هەردوو ڕەگەزدا زیاد دەكەن.

 

Top