رێنمایی خۆراك پاش لابردنی كیسی زراو

رێنمایی خۆراك پاش لابردنی كیسی زراو

پێویستە لەسەر ئەو كەسانەی كە نەشتەرگەریی لابردنی كیسی زراویان Cholecystectomy بۆ كراوە، كە لەماوەی چەند هەفتەیەك پاش نەشتەرگەری خۆراكی ڕۆژانەیان بگۆڕن. با بزانین كە چۆن لابردنی كیسی زراو كاریگەری دەكاتە سەر هەرسكردنی خۆراك؟ كیسی زراو شلەی زەرداو خەزن دەكات كە گرنگە بۆ هەرسكردن و هەڵمژینی چەورییەكان، پاش لابردنی كیسی زراو توانای هەرسكردنی چەوری كەم دەبێتەوە، چونكە شلەی زەرداو ڕاستەوخۆ دەڕژێتە ناو ڕیخۆڵە باریكە كە زیان بە بەكتریای سوودبەخشی ڕیخۆڵە دەگەیەنێت و زۆر جار دەبێتە ئەگەری سكچوون، بۆیە پێویستە كە پاش نەشتەرگەریی لابردنی كیسی زراو ڕیجیمی خۆراك بگۆڕێت. پاش نەشتەرگەریی لابردنی كیسی زراو پێوستە كە كەسەكە دوور بكەوێتەوە لەم خۆراكانە: خۆراكی چەور و سووركراوە لە زەیت، خۆراكی تیژ، خۆراكی شیرین، خۆراكی پرۆسێسكراو كە ڕێژەیەكی بەرزی چەوری لەخۆدەگرن، كافائین كە لە چای و قاوە وشوكولاتە و خواردنەوەی وزەبەخشەكاندا هەیە، كێك و هەویركارییەكان، خۆراكی خێرا وەكو پیتزا، سۆوسەج، گۆشتی چەور، شیری پڕ چەوری، پەنیر، ئایس كرێم، كەرە، قەیماغ، سەرتوو، لۆر، خواردنەوەی ئەلكهولییەكان، لەگەڵ شلەمەنییە گازدارەكان (كاربۆنكراوەكان) وەكو سۆدا و بیبسی ..تاد. ئەم خۆراكانەی كە ڕێنمایی دەكرێن پاش نەشتەرگەیی لابردنی كیسی زراو بریتین لە: پرۆتینی بێ چەوری وەكو سینگی مریشك، پاقلەمەنییەكان، كاكڵە و تۆوەكان بە بڕی كەم، ماسیی فرێش، ماسی قوتووكراوی ساردین یان سالمۆن، سپێنەی هێلكە، ئەو خۆراكانەی كە ڕێژەی بەرزی ڕیشاڵ لەخۆدەگرن، وەكو دانەویڵەی تەواو، سەوزە و میوەكان، شوفان، هەروەها شیرەمەنی كەم چەوری وەكو شیری بێ چەوری یان كەم چەوری یان ماستی كەم چەوری.

 

Top