نیشانەكانی نۆرەی دڵ

نیشانەكانی نۆرەی دڵ

نۆرەی دڵ Heart atack لەوكاتەدا ڕوو دەدات كە یەكێك لە خوێنبەرەكانی تاجیی دڵ تووشی گیران دەبێت و خوێن لە بەشێكی شانەی دڵ دەبڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوون یان مردنی خێرای ئەم بەشەی شانەی دڵ، لێرەدا چارەسەری كتوپڕ پێویست دەكات، بەمەبەستی ڕێگرتن لە لەدەستدانی یەكجارەكی ئەم بەشەی شانەی دڵ. ئەم مردنەی بەشێكی شانەی دڵ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەند نیشانەیەكی وەكو: سینگ ئێشە كە زۆر توندە و بۆ مل و قۆڵ و شەیلاكی خوارەوە بڵاودەبێتەوە، هەناسەتەنگی، سەرسووڕان، هێڵنج یان ڕشانەوە، هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness، خێرابوون و ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، ئارەقەیەكی سارد، هەستكردن بە بێهێزی، هەندێك كەسیش بەتایبەتی ئافرەتان لە كاتی نۆرەی دڵدا تووشی پەستی و دڵەكزێ دەبنەوە، لەوانەشە كە نۆرەی دڵ ببێتە ئەگەری مردنی كتوپڕ. لە ئافرەتدا، نیشانەكانی نۆرەی دڵ جیاوازن، ئەگەرچی لەوانەیە كە تووشی سینگ ئێشە و هەناسەتەنگی ببنەوە، بەڵام بەگشتی نیشانەكانیان بریتین لە: ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، كۆكە، دڵەكزێ، نەمانی ئارەزووی خواردن، هەروەها بێهێزیی گشتیی لەش. ئەم نیشانە جیاوازانە گەلێك جار هۆكارن بۆ دواكەوتنی دەستنیشانكردنی نۆرەی دڵ لە ئافرەتی تووشبوودا، دەرەنجام زیانی زیاتر بە شانەی دڵ دەگات جگە لە مەترسیی مردنی كتوپڕ.

Top