نێچیرڤان بارزانی بۆ ئافرەتان: دڵنیا بن بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانتان ھاوکار و پشتیوانتان دەبم

نێچیرڤان بارزانی بۆ ئافرەتان: دڵنیا بن بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانتان ھاوکار و پشتیوانتان دەبم

یادی (71) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە گەرمی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەم. خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانیان لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ئازادی و یەکسانیدا، بەڕێز و پێزانینەوە ھەڵدەسەنگێنم و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی پێشەنگی پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان، لە ھەردوو سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ڕۆڵێکی دیاری لە خەباتی مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە. وێرای پارێزگاریکردن لە مافەکانی ئافرەتان، بە سەدان ئافرەتی بەتوانای لە ھەموو بوارەکاندا و چەندین کادیر و سەرکردەشی پێگەیاندووە کە لە ھەموو کایەکانی ژیاندا خزمەتیان بە وڵات کردووە و دەکەن.

کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی، بۆیە لەم یادەدا ھەموو پشتگیرییەک لە خەباتی ئافرەتان دووپات دەکەمەوە. با یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ھەموو ڕێکخراو و بزووتنەوەیەکی ژنان لە کوردستان دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانیاندا، ھاوکار و پشتیوانیان دەبم.


نێچیرڤان بارزانی

2023/12/11

Top