ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ لە منداڵدا

ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ لە منداڵدا

  بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵ كە هۆكارێكی گەورەیە بۆ نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك، وا نەبێت كە تەنیا لە گەورەكاندا ببینرێت، بەڵكو لە لە منداڵیشدا بەدی دەكرێت، بۆنموونە پسپۆڕان لە نەخۆشخانەی سەرەكیی منداڵ لە فیلادیلفیا و بەشی نەخۆشییەكانی منداڵ لە زانكۆی كۆلۆرادۆ، ئاماژەیان بەمە كردووە كە یەك لە هەر 5 منداڵ لە تەمەنی 6-18ساڵیدا لە وڵاتە یەكگرتووەكان تووشی ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ دەبنەوە. بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆڵ بێ نیشانەیە و تەنیا بە پشكنینی خوێن دەستنیشان دەكرێت، بۆیە بووەتە ڕیسكێكی شاراوە لە منداڵاندا. ئەگەرچی تووشبوونی منداڵ بە نۆرەی دڵ زۆر دەگمەنە، بەڵام بەگشتی ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ لە منداڵیدا هاندەرە بۆ ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ لە تەمەنی پێگەیشتندا، ئەوسا وەكو فاكتەرێكی ڕیسكی بەهێز ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك بەرزدەكاتەوە، بۆنموونە هەتا لە تەمەنی 20 ساڵیدا ئەگەری تووشبوون بە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان لە ئەنجامی كۆلیستیرۆڵی بەرز لە پزیشكیدا بەدی دەكرێت، واتە لە تەمەنێكی گەنجتر، بۆیە ئەگەر حاڵەتەكە لە منداڵیدا زوو دەستنیشان بكرێت، ئەوا دەتوانرێت تا ڕادەیەكی زۆر لە ئایندەدا ڕێگە لە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان و تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك بگیرێت. بە ڕێنمایی پسپۆڕانی تەندرووستیی منداڵ، زوو دەستنیشانكردن و كۆنترۆڵكردنی ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ لە منداڵدا زۆر گرنگە لە ڕێگەی سكرینكردنیان Screening لە تەمەنی 9-11 ساڵیدا، ئینجا دووبارە پاش پێنج ساڵ، پاش دەستنیشانكردن دەتوانرێت كە حاڵەتەكە زۆر بە باشی چارەسەر بكرێت لە ڕێگەی: كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، گۆڕینی ستایلی ژیانی ڕۆژانە، مەشقی وەرزشی، هەڵبژادنی خۆراكی درووست، هەروەها بەكارهێنانی دەرمان بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن.

Top