بۆچی نەخۆشیی ڕەبو لە زستاندا سەختتر دەبێت؟

بۆچی نەخۆشیی ڕەبو لە زستاندا سەختتر دەبێت؟

وەرزی زستان بۆ تووشبووانی نەخۆشیی ڕەبو Asthma ناخۆشترین كاتی ساڵە. سەرما، هەوای وشك، لەگەڵ گۆڕانی كتوپڕی كەش هاندەرن بۆ سووتانەوەی ڕێڕەوەكانی كۆئەندامی هەناسە و زیادبوونی دەردراوی ناوپۆشەكانیان كە هاوكات دەبێت لەگەڵ سەختتربوونی نیشانەكاندا، بۆنموونە ئازاری سینگ، كۆكە، هەناسەتەنگی، هەستكردن بە توندبوونی سینگ، لەگەڵ دەنگی ویزەی Wheezing هەناسە لە سینگدا. هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە سەرهەڵدانی نۆرەی ڕەبو و سەختتربوونی نیشانەكان لە وەرزی زستاندا: خواردنەوی بڕێكی باشی ئاو و شلەمەنییە تەندروستەكانی دیكە، زوو شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابون بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلوەنزا، پۆشینی جلی گەرم لەكاتی چوونەدەرەوەدا، لەگەڵ بەكارهێنانی دەستكێش و هەناسەوەرگرتن لە ڕێگەی لووتەوە، وەرگرتنی ڤاكسینی ئەنفلوەنزا، هەڵگرتنی (بەخاخ Inhaler)ی ڕەبو بە بەردەوامی، مەشقكردن لە هۆڵەكانی جیم لەجیاتی مەشقی وەرزشی لە هەوای كراوەی دەرەوەدا، بەكارهێنانی ئامێری شێدارەكەرەوە Humidifier لە ناوماڵ، بەتایبەتی لەكاتی نووستندا، هەروەها بەكارهێنانی دەرمانەكانی ڕەبو ڕۆژانە و پابەندبوون بە ژەمەكانیان. پێویستە لەسەر نەخۆشانی ڕەبو كە لەكاتی سەختتربوونی نیشانەكان و كۆنترۆڵ نەبوونیان بە دەرمان و هەنگاوەكانی دیكە، پێویسە كە بە زووترین كات سەردانی دكتۆر یان سەنتەرێكی پزیشكی بكەن.

Top