مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK : بڕیارەکانى دادگاى فیدرالى عێراق سەرەتایەکە بۆ رەتکردنەوەى یاساکانى کوردستان

مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK : بڕیارەکانى دادگاى فیدرالى عێراق سەرەتایەکە بۆ رەتکردنەوەى یاساکانى کوردستان

 


ماوەیەکە حكومەتی عێراق لە رێگەى دادگاى فیدرالى عێراق هەوڵى سنوورداکردن و بەرتەسکردنەوەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەدات، بڕیارەکانى دادگاى فیدارالى عێراق کە لەم دواییەدا لە دژى هەرێمى کوردستان وەرگیران بڕیارى نادەستوورى و نایاسایین و دەچنە خانەى بڕیارى سیاسییەوە، بە تایبەت لە بڕیارى ئەم دواییەیاندا سەبارەت بە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە تایبەتمەندى خۆیان لایانداوەو یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیان گۆڕیوە، ئەوەش دەچێتە خانەى هەموارکردن و کارى دەسەڵاتى یاسادانانە نەک دادگاى فیدرالى عێراق، تەواوى ئەو گۆڕانکارییانەى لە یاساى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان کردوویانە، نادەستوورى و نایاسایین، وەک (یەک بازنەیى کراوەتە چوار بازنەیى، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان لە ١١١ کورسى کەمکراوەتە بۆ ١٠٠ کورسى ، کۆتاى پێکهاتەکان لابراوە لە کاتێکدا لە پەرلەمانى عێراق کورسى کۆتاى پێکهاتەکان هەیە و ... ) ئەم گۆڕانکارییانە هەمووى دەچنە خانەى هەموارکردن، ئەوەش کارى پەرلەمانە نەک دادگاى فیدرالى عێراق، ئەو بڕیارەى دادگاى فیدرالى عێراق کاریگەرى نێگەتیفى دەبێت بۆ سەر ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و، سەرەتا و هەوڵێکە بۆ رەتکردنەوەى یاساکانى کوردستان.
بڕیارەکانى ئەم دواییەى دادگاى فیدرالى عێراق دژایەتیکردنێکى ئاشکراى هەرێمى کوردستانە و، کێشەکانى کوردستانى قوڵترکردۆتەوەو بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتى کۆمەڵایەتى و گیانى پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەى کوردستان و عێراقدا، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانى عێراق تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون، لەهەمان کاتدا حکومەتى عێراق لەژێر کاریگەرى بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان بەردەوامە لە سەر بڕینى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و جێبەجێکردنى سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستان.
لە رەوشێکى وادا پێویستە لایەنە سیاسییەکانى كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیكببینەوەو هاوكاری حکومەتى هەرێمى کوردستان بین بۆ ئەوەى هەموو لایەکمان لە خەمى خەڵکدا بین و کاربکەین بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانى جەماوەر و، رووبەڕووى ئەو هەڕەشانە ببینەوە کە لەسەر هەرێمى کوردستان هەن، بێگومان ئەوەش ئەڕکى نەتەوەیى و نیشتمانى هەموو لایەکمانە.


مەکتەبى سیاسیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
٢٥ – ٣ – ٢٠٢٤

Top