نیشانەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن

نیشانەكانی  بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن

  بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن Hyperglycemia لەبەر گەلێك هۆكار ڕوودەدات، بەڵام بەگشتی زیاد خواردنی كاربۆهیدراتە سافكراوەكان هۆكارێكی باوە. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن بەمە پێناسە دەكرێت كە شەكری خوێن بەرزتر بێت لە 180ملگم/ دێسیلیتر. لەكاتی خواردنی كاربۆهیدراتەكاندا، لەش دەیانگۆڕێت بۆ شەكری سادەی گلوكۆز، كە دێتە ناو خوێن، ئەمەش هانی گلاندی پەنكریاس دەدات بۆ دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین بەمەبەستی دابەزاندنی شەكری خوێن. بەبێ ئینسولین، ئاستی بەرزی شەكری خوێن زیاتر بەرزدەبێتەوە و گرفتی گەورەی تەندروستی پەیدا دەكات، بۆنموونە نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕان و نۆرەی دڵ، نەخۆشیی گورچیلە، هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر، نەخۆشیی تۆڕەی چاو، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برین، هەروەها جەڵتەی مێشك Stroke. بەگشتی نیشانەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن لە 1-2 كاتژمێری پاش خواردندا سەرهەڵ دەدەن و بریتین لە: ڵێڵبوونی بینین، وشكبوونی دەم، هەستكردن بە ماندووبوون، زیاد هەستكردن بە تینووبوون، زیاد میزكردن. هەندێك جار بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن هەستی پێناكرێت، تا كاتی دابەزینی توندی شەكری خوێن كە هاوكات دەبێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو: پەستی، شێوان، ناڕەحەتیی دەروونی، تووڕەبوون، سەرسووڕان، هەستكردن بە برسیبوون، لەرزین، لەگەڵ ئارەقەكردن. 

 

Top