كەشوهەوا و تەندروستی مرۆڤ

كەشوهەوا و تەندروستی مرۆڤ
لەوانەیە زۆر كەس باوەڕ بەوە نەكەن كە هۆكاری خەمۆكی و هەندێك نەخۆشی تر بۆ گۆڕانی كەشوهەوا دەگەڕێتەوە. خوێنەری ئازیز، سەرت نەسوڕمێ ئەگەر ئەمەت بەرگوێ بكەوێت، چونكە مەسەلەكە بنچینەیەكی زانستی هەیە. ئەمە راستییەكی چەسپاوە كە ئەو با و هەوایەی ناڕەحەت و بێزارمان دەكات نەخۆشی تریشمان بۆ دێنێت، لەوانەیە ببێتە ئەگەری خەمۆكی و هەستكردن بە نائومێدی. هەروەها ئەمەش سەلمێنراوە كە خۆكوشتن و تاوانكردن، هەتا بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییەكانیش راستەوخۆ بە هۆكاری ئاو و هەواوە بەندن. بۆ ئێمەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەو كاتەی كە بای گەرم و وشك هەڵدەكا، ئەوا ژمارەی نەخۆشەكانیش زیاد دەكات، هەروەها ئەم بایە و بەرزبوونەوەی كتوپڕی پلەی گەرمی و رێژەی شێ لە هەوادا دەبنە ئەگەری نەخۆشی لە 30%ی دانیشتووانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تاوانەكان. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە چەند ئایۆنێك بە رێژەیەكی زۆر كەم لە هەوادا هەن بەناوی ئایۆنەكانی هەواAir ions كە بارگەی پۆزەتیڤ Positive ions یان بارگەی نێگەتیڤ Negative ions هەڵدەگرن و كاریگەری دەكەنە سەر تەندروستی لەش و دەروونی مرۆڤ بە گوێرەی جۆری ئایۆنەكان بەشێوەی هەستكردن بە خۆشی یان هەستكردن بە ناخۆشی یان تەندروستی باش و نەخۆشی، بۆیە پێیان دەوترێ ڤیتامینی هەوا Air Vitamins. ئایۆنە نێگەتیڤەكان بە ژمارەیەكی زۆر هەن لە گوندەكان و لە نزیك تاڤگە و لووتكەی چیاكاندا، بۆیە هەڵمژینی هەوا لەم شوێنانەدا جۆرە دڵخۆشییەك بە مرۆڤ دەبەخشێت و باری دەروونی باشتر دەكات.
Top