ئایا تەمومژ زیانی تەندروستیی هەیە؟

ئایا تەمومژ زیانی تەندروستیی هەیە؟

تەمومژ(Fog) پێك دێت لە بڕی زۆری دڵۆپەی وردی ئاو، یان كریستاڵی ئاوی بەستوو بە هەڵواسراوی لە قەبارەیەكی دیاریكراوی هەوادا، كە لە نزیك زەوی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەمێنێتەوە. لە لایەنی فیزیكەوە، تەمومژی و هەور وەك یەكن، كەواتە دەتوانرێت بگوترێت كە تەمومژ بریتییە لە هەورێكی زۆر نزیك لە رووی زەوی. لەكاتی تەمومژدا هەوا ناجووڵێت یان زۆر بەكەمی دەجووڵێت، ئەمەش وا دەكات كە ماددە پیسكارەكانی هەوا بۆ ماوەیەكی زۆرتر لە هەوادا بمێننەوە، واتە هەڵمژینی زیاتری ئەم ماددانە لە لایەن مرۆڤەوە. تەمومژ بە دوو رێگە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كرداری هەناسە: یەكەم، هەڵمژینی هەوای تەمومژاوی واتە بەركەوتنی سییەكان بە هەوای سارد و تەڕ، ئەمەش دەبێتە ئەگەری هەستكردن بە سەرما و سووتانەوەی بۆریی هەناسە هاوكات لەگەڵ كۆكە و هەناسەڕاوكێ لەگەڵ سووتانەوەی قوڕگ و لووتدا. دووەم، لەو كەسانەدا كە بەرگریی لەشیان لاوازە، تەمومژ ئەگەری تووشبوونیان بە هەوكردنی بۆریی هەناسە زیاد دەكات، هەروەها تەمومژ تا رادەیەكی كەمتر كاریگەریی سووك دەكاتە سەر پێست و چاو.

 

Top