بۆچی پێویستە هەموو شەوێك لە یەك كاتدا بخەویت؟

بۆچی پێویستە هەموو شەوێك لە یەك كاتدا بخەویت؟

 لێكۆڵینەوەیەكی نوێی كۆلێژی پزیشكیی هارڤارد ئاماژەی بەوە كردووە كە نووستن شەوانە لە هەمان كاتی دیاریكراودا، لەوانەیە كە زۆر گرنگتر بێت لە 8 كاتژمێر نووستن. ئەگەرچی پسپۆڕانی تەندرووستی ڕێنمایی دەكەن كە پێویستە نووستنی شەوانە لە نێوان 7-8 كاتژمێردا بێت، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكەدا جەخت كراوەتەوە كە نووستنی شەوانە لە یەك كاتی دیاركراودا هەتا ئەگەر بۆ ماوەی 6 كاتژمێریش بێت، زۆر سوودەبەخشترە بۆ تەندرووستی بەراورد لەگەڵ نووستن بۆ ماوەی 7-8 كاتژمێر لە 24 كاتژمێردا كە ناڕێك و پچڕ پچڕ بێت. شەوانە نووستن لە هەمان كات و لەخەوڵسانی بەیانییان لە یەك كاتی دیاركراودا، هاندەرە بۆ باشتر كاركردنی ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش Circadian rhythm كە هاندەر دەبێت بۆ خێرا چوونە خەو بە كوالێتییەكی بەرزەوە. ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش بریتییە لە پڕۆسەی كۆنترۆڵكردنی سووڕی خەو و بێداری كە هەر 24 كاتژمێر جارێك دووبارە دەبێتەوە، و ئاگاداری لەش دەكاتەوە لە كاتی بیداربوونەوە و كاتی نووستن. ئەگەر كاتەكانی نووستن و لەخەوڵسان ڕێك نەبوون و هەر ڕۆژێك لە كاتێكی جیاوازدا بن، ئەوا ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش دەشێوێت و لە توانایدا نابێت كە بە درووستی ئاگاداری لەش بكاتەوە لە كاتی پێویستیی بە نووستن و كاتی پێویست بۆ لەخەوڵسان، ئەمەش كاتی سەرەتای چوونە خەو درێژدەكاتەوە، واتە كەسەكە درەنگ دەچێتە خەوەوە هەرچەند تووشی بۆرژان بێت، واتە پێویستی بە نووستن بێت، هەروەها لەوانەیەكە نووستنەكە یەك پارچە و قووڵ نەبێت، واتە لە كوالێتیی خەو كەم دەبێتەوە.

 

Top