كاربۆهیدرات و دابەزاندنی كێشی لەش

كاربۆهیدرات و دابەزاندنی كێشی لەش

پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە كە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بە شێوەیەكی تەندروست، هەرگیز پێویست ناكات كە كاربۆهیدرات بە تەواوی لە خۆراكی ڕۆژانەدا دووربخرێتەوە، بەڵكو كەمكردنەوەی كالۆری گشتیی ڕۆژانە هاوكات لەگەڵ خواردنی بڕێكی هاوسەنگ لە كاربۆهیدراتی تەندروست كە بڕەكەی لە نێوان 180-260 گرامدا بێت لەگەڵ پرۆتین و چەوریدا، هاندەر دەبێت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بە شێوەیەكی تەندروستییانە، بە مەرجێك بڕی كالۆریی وەرگیراو لە خۆراكی ڕۆژانەدا بۆ پیاو لە نێوان 1،200-1.600 كالۆریدا بێت و بۆ ئافرەتیش لە نێوان 1،000- 1،500 كالۆری، بەم شێوەیە واتە كەمكردنەوەی تەنیا 500 كالۆری لە خۆراكی ڕۆژانەدا هاندەرە بۆ دابەزاندنی نزیكەی نیو كیلۆگرام كێشی لەش، هەروەها كەمكردنەوەی 1،000 كالۆری لە خۆراكی ڕۆژانەدا هاندەرە بۆ كەمكردنەوەی نزیكەی یەك كیلۆگرام كێشی لەش، ئەوە ڕوونە كە بڕی زیادی كاربۆهیدرات لە خۆراكی ڕۆژانەدا كە زیاتر بێت لە 65%ی كالۆری ڕۆژانە، كرداری دابەزاندنی كێشی لەش سەخت دەكات و لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش، چونكە كاربۆهیدرات هاوشێوەی پرۆتین هەستی تێربوون پەیدا ناكات و بڕێكی زیادی كالۆری بە خێرایی دەداتە لەش. پسپۆڕان ئاماژەیان بەوەش كردووە كە بە مەبەستی دابەزاندنی كێشی لەش، خۆراكی كاربۆهیدراتی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ Dietary fiber باشترین هەڵبژاردەیە، بۆ نموونە پاقلەمەنییەكان، تۆوەكان، دانەوێڵەی تەواو، سەوزە و میوەكان، لەگەڵ كاكڵەكانی وەكو گوێز، باوی، كازو، فستق، بندق..تاد.

 

Top