بایەخی تەندروستیی نانی هەویری هەوێنبوو

بایەخی تەندروستیی نانی هەویری هەوێنبوو

مێژووی نانی هەویری هەوینبوو Sourdough bread دەگەڕێتەوە بۆ پێش 5،000 ساڵ لە میسری كۆندا، تا پەیدابوونی هەوێنی دەستكر،د یان هەوێنی بازرگانی لە ساڵەكانی 1800دا، هەویری هەوێنبوو بە هەوێنی سرووشتی و بەكتریای ترشی لاكتیك Lactic acid دروست دەكرا. نانی هەویری هەوێنبوو بەتایبەتی كە لە ئاردی گەنمی تەواو دروست بكرێت، بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە لە ڕێژەی بەرزی ڕیشاڵ، ڤیتامینەكانی B1، B2، B5، B9، لەگەڵ كانزاكانی ئاسن، كۆپەر، مەنگەنیز،سیلینیۆم، زینك، بەراورد بە هەویری هەوێنبوو كە لە ئاردی سپی دروست دەكرێت. سوودە تەندروستییەكانی نانی هەویری هەوێنبوو: دابینكردنی ماددەی خۆراكیی گرنگ بۆ لەش، كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، ئاسانی لە هەرسبوونیدا، هەروەها هەویری هەوێنبوو پریبایۆتیكی Prebiotics سرووشتی لەخۆدەگرێت، كە جۆرێكی ڕیشاڵی هاندەرە بۆ تەندروستیی كۆئەندامی هەرس، هەروەها بیتا-گلوكان Beta-Glucan كە جۆرێكی پریبایۆتیكە بە بەكتریا لە ڕیخۆڵەی گەورەدا هەوێن دەبێت و دەبێتە سەرچاوەیەكی خۆراكی، بۆ خانەكانی ناوپۆشی ڕیخۆڵە، هەروەها كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن و هاندانی بەرهەمهێنانی ماددەی لینجی ڕیخۆڵە. هەویری هەوێنبوو ماددەی گلوتین Gluten واتەپرۆتینی سرووشتیی گەنم لەخۆ دەگرێت، بۆیە گونجاو نییە بۆ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی سیلیاكی ڕیخۆڵە و ئەو كەسانەی كە هەستیارن بۆ گلوتین.

 

Top